
خوێندنه‌وه‌ی: موهه‌ندس حسین که‌ریمی
دارێنه !
ئه‌م په‌خشانه ناسکه، ناوه‌ڕۆکێکی به‌رز و به نرخی مێژوویی هه‌یه. موهه‌ندس حه‌مه حسین که‌ریمی ،ئه‌م په‌خشانه‌ی به ده‌نگی خۆی، سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوڕانی شۆڕشگێڕانه و به‌سه‌رهاتی به‌ڕێز سمایل شه‌ریف زاده(سمکۆ) تۆمار کردووه . و له ئاستێکی فراوان و به‌ر چاو ، بڵاوی کردوه‌ته‌وه. به‌ڕێزکاک حه‌مه‌حسین کانییه‌ک له پاکی، ڕووبارێک له خۆشه‌ویستی،که‌مانه ڕهنگینهیهک له به‌هره ،ئاسمانێک له هیوا،لوتکه‌یه‌ک له به‌رزی و زه‌نجیره چیایه‌ک له وره بوو. کاسیته‌که(نه‌وار) له شیوه‌ی دیالۆگ و ده‌نگه‌وه بۆ فورمی داڕشتن ونووسین گوازرایه‌وه وله لایه‌ن ئێمه‌وه، ڕێک و پێک کرا .
ئاماده کردنی: 1- مه‌له‌که- مسته‌فا سوڵتانی
2- ڕه‌شاد - مسته‌فا سوڵتانی
ژانویه‌ی 2010 میلادی- وڵاتی سوید
موهه‌ندس سمایل شه‌ریف زاده
پێشمه‌رگه‌کان له نێو چڕێکهوه به‌ره‌و ئاوای نه‌رم دهبزوتن.شه‌ش حه‌وت که‌س بوون ،که چه‌کی جۆربه‌جۆریان پێ بوو. له بڕنه‌و له ام ـ یه‌ک به‌ڵام فیشه‌کدانی هیچیان پڕ نه‌بوو.
ئاوای نه‌رم نه‌رم و به ئه‌سپایی له پشتی ته‌پۆڵکه‌وه سه‌ری هێنا ده‌رێ. ماڵه‌کان به چاوی ڕه‌ش و ناوچاوی گرژ سه‌رنجیان ده‌دان. ئه‌وان مه‌ترسیان نه‌ده‌کرد ئه‌منیه پێ نه‌ده‌وێران. به‌ڵام ته‌نها ئه‌منیه دوژمنیان نه‌بوو، هێزێکی گه‌وره‌تریش بوو که خۆیان له گه‌ڵ پێوه کردبوو. ئاوای ده‌تگوت مه‌ترسی به‌سه‌رهاتی ئه‌و ڕۆڵانه‌ی ده‌کرد. ده‌تگوت به چاو پرسیاریان لێ ده‌کا، ئێوه به چه‌کی ڕهشۆکهوه چۆن له گه‌ڵ هه‌ژدیهای حه‌وت سه‌ر تێهه‌ڵچوون. تاقمی پێشمه‌رگه هه‌ر نزیک ده‌بوونه‌وه له ئاوای یان ئاوای نزیک ده‌بووه، به ده‌ستێکی سپی که جاده‌که بێ ئه‌و بێچووه شێرانه‌ی ده‌کێشا داوێنی خۆی. زه‌لام و گه‌نج به پیریانهوه ده‌هات ڕوانینی دڵسۆزی دایکێکی تێدا بوو، که ڕۆڵه نه‌ترسه‌که‌ی له گه‌ڵ هه‌ژدیهای حه‌وت سه‌ر خۆی پێوه کردبێ.
گه‌یشتنه سه‌ر کانی گه‌وره، کچێ ئاوی به پیره‌وه بردن.
میوانتان ناوێ؟
ـ به خێر بێن سه‌ر چاوی من!
خه‌ڵک له مزگه‌وتێ قه‌ره‌باڵغیان کردبوو. ئه‌وه پێشمه‌رگه‌یه‌ک ده‌یه‌وه‌ی قسه‌یان بۆ بکا. پێشمه‌رگه‌کان له ئاوایی قهرهوڵیان داناوه و یه‌کێکیان به دوو چه‌کداری دیکه‌وه چووته مزگه‌وتێ دهێهوی سه‌باره‌ت به‌م هه‌ڵایه قسه‌یان بۆ بکا. زۆربه‌ی زۆری پیاوان له مزگه‌وت کۆبوونه‌ته‌وه، وه‌ک بۆ نوێژی جومعه چۆن کۆده‌بنه‌وه. خه‌ڵک هه‌موو دانیشتون به‌ڵام پێشمه‌رگه‌کان له پاڵ مهحرابهکهدا روو له خه‌ڵک وه‌ستاون. تفه‌نگه‌کانیان پێیه و دوو سێ فیشکدانیان له خۆ به‌ستوه به‌ڵام، فیشکدانهکانیان هه‌موو پڕ نین.
پێشمه‌رگه‌کان زه‌رده خه‌نه‌یان له سه‌ر لێوه ئه‌مما ئه‌گه‌ر چاک تێ فیکرێ هه‌ر وه‌ک فیشکدانهکانیان خاڵین، دڵیشیان ته‌واو خۆش نیه به‌ڵام ئه‌وان له‌وه پیاوترن که وه ڕووی خۆیانی بێنن.
باب و براکانم !
ئێوه ڕه‌نگه یه‌که یه‌که‌ی ئێمه بناسن. ئه‌گه‌ر کوڕ و براتان نه‌بین هه‌نده له نێوتان بووین که بووینه‌ته کوڕ و براتان. سمکۆیه قسان ده‌کا. شۆڕه لاوێکی باڵا به‌رز و لاو چاک هه‌ر به خۆی ده‌که‌وی فیشکدان هه‌ڵگرێ. ده‌یانگوت خه‌ڵکی سابڵاغه‌وه دانشگای تارانی ته‌واو کردووه. وا به کوردیه‌کی نزیک به دڵان قسه‌ی ده‌کرد، ده‌تگوت هه‌ر له منداڵیه‌وه له دێهاتدا گه‌وره بووه. کاتێک له باسێک دهیکۆڵیهوه نه‌رم نه‌رم و دانه دانه ده‌دوا، به‌ڵام کاتێک باسی ده‌هێنای سه‌ر شۆڕش و ڕاپه‌رینی خه‌ڵک دژی زۆڵم و زۆر، چه‌شنی هه‌ور ده‌یگرمان.
ـ هه‌ر ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ی ئێوه هه‌ژار و ده‌وڵه‌مندی تێدایه هه‌ر وابگره کورده‌واریش. ئه‌وه‌تا ئاغای هه‌یه. حاجی مه‌حمودی هه‌یه، حاجی شاتری هه‌یه که ده‌وڵه‌مه‌ندن. کرێکار و فهلایشی هه‌یه که هه‌ژارن. له هه‌موو ئێرانێ دا وایه ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی دنێاش، به‌ڵام هه‌ر وانامێنێ. زۆرداران ده‌ڵێن ئه‌و قامکانی ده‌ست وه‌ک یه‌ک نین. خه‌ڵکیش، خودا وه‌ک یه‌ک دروستی نه‌کردوون. یه‌کێک له نێو چاوی نووسراوه هه‌ژار بێ یه‌کێ ڕهسقی زۆری له خواوه بۆ حه‌واڵه کراوه، به‌ڵام ئه‌منیش و ئێوه‌یش ده‌زانین ئه‌و قسانه هه‌موو درۆن. ئه‌وه‌تا حاجی حه‌مه دۆم، له پێش دا ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوو تێهه‌ڵچوو بۆی ڕێکه‌وت ده‌وڵه‌مه‌ند بوو. بۆ ئه‌وه‌ش پێی نه‌ڵێن دۆم، بۆی چووه حه‌جێ به‌ڵام ئێستاش هه‌ر پێ ئه‌ڵێن دۆم.
خه‌ڵک پێده‌که‌نین!
یان حاجی سه‌عید به جه‌هێڵی شوان بوو، ئێوه چاکترتان له بیره پێان ده‌گوت سه‌عه ڕه‌ش، یان ته‌نانه‌ت ئاغاکانیش ئه‌گه‌ر به بنه‌ماڵه‌یان دا بچینه خوارێ، بابه گه‌وره‌یان شوانه یان گاوانه. بابه گه‌وره‌ی شێخی هه‌ورامان کوێخا بووه.
دوو سێ که‌س ده‌ڕوانن بۆ یه‌ک. خه‌ڵک وه‌ک له نوێژی جومعه بن، بێ ده‌نگ گوێ ده‌ده‌نێ. جههێڵهکانیش هاتوون و دانیشتون و به سه‌رنج و که‌یف خۆشیه‌وه گوێ ده‌ده‌نێ. دوو سێ پیاوی پیری پشتێن زه‌رد که زۆر ڕوو خۆش نین هه‌ر ده‌ڵێ بێگاریان پێ ده‌که‌ی، جار به جار سه‌رنجی ده‌رگاکه ده‌دن. بڕێکیان زۆر چاک گوێ ده‌ده‌ن بڕێکیان ده‌ترسن. له ترسی تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌کان لێره کۆوه بوون، لێره‌ش له تفه‌نگی ئه‌منیه ده‌ترسن. حاجی مه‌حمود و حاجی شاتریش هه‌ر یه‌که له به‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند بوون. هیچیان له ئاسمانه‌وه بۆیان نه‌باریوه ئه‌وان به سود وسهلهم و تجاره‌تی قاچاخ و ته‌نانه‌ت کاسبی حه‌رام ماڵیان پێکه‌وه ناوه. ماڵه‌که له پێش دا چ بووه؟ له پێش هه‌موو شتیک‌دا کاری کرێکار و فه‌لا هه‌موو ماڵێک پێک دێنێ، له حاسڵی زه‌ویه‌وه بیگره تا ماڵی سێ قات ئه‌وانه‌یش یان به فێڵ یان حیله‌ی شه‌رع هه‌ر به زۆر لێمان ده‌ستێنن. چه‌ند که‌ستان مانگا و مه‌ڕی له جیاتی قه‌رز داوته‌وه به حاجی مه‌حمود یان هه‌موو خه‌رمانه‌که‌ی ئاغا له بری قه‌رز و زه‌کات بردوویه‌تی. ئه‌وه زۆڵمه هه‌موو کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵ له سه‌ر ئه‌و زۆڵمهیه . کێشه‌ی هه‌ژار و زۆردار، بگره نێوان ناخۆشی ژن و مێردیش و هه‌موو کێشه‌یه‌ک له گه‌وره تا بچووک، ئه‌گه‌ر چاک تێفکریی هه‌ر ده‌ڕواته‌وه سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه. کورده‌واری خۆمان ده‌ڵێ " هه‌موو شتێک له باریکی دا ده‌پسێ زۆڵم له ئه‌ستووری دا " ئه‌ڵبه‌ت ده‌بێ بۆ خۆمان هێزی لێبکه‌ین هه‌تاکوو بهپسێ. هه‌مووتان چوونه‌ته شار و شکایه‌تان کردووه و نێو ئیداره‌کان هه‌موو چون ده‌زانن که ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تیش غه‌یری بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کارێک ڕێک ناخا و ئه‌گه‌ر ئیجاره‌ی زه‌وی نه‌ده‌ن ژاندارمه به زۆری لێتان ده‌ستێنێت. ئه‌گه‌ر سودی قه‌رز نه‌ده‌نه‌وه هه‌روه‌تر. قه‌رزی بانگیش نه‌ده‌نه‌وه ماڵه‌که‌تان هه‌ڕاج ده‌که‌ن. بۆ هه‌موو کارێکی بچوکیش به‌رتیل هه‌ر ده‌بێ بده‌ن.
ده‌وڵه‌ت هه‌ر بۆیه دروست بووه، که ئه‌گه‌ر ئێوه ئیجارهتان نه‌دا یان حه‌قی خۆتان ویست، یان داوای ده‌سحه‌قی زیادی بکه‌ن به زۆری تفه‌نگ ،بێ ده‌نگتان بکات. ئه‌گه‌ر داوای مه‌دره‌سه و دکتور و ڕێگاو بانیشتان کرد جوابتان نه‌ده‌نه‌وه. هه‌مووتان له بیره‌وه‌ری خۆتان دا ئه‌وه‌تان زۆر له بیره، ده‌وڵه‌ت نۆکه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندانه. له ده‌وڵه‌مه‌ندی تاران و هه‌نده‌رانه‌وه بیگره هه‌تا حاجی شاکری و ئاغاکانی وڵاتی خۆمان.
ئه‌وه‌تا ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌ر وه‌ک یه‌ک ده‌چن. ئه‌ڵبه‌ت ئاگاتان لێه که کورده‌واری زۆڵمێکی دیکه‌یشی لێ ده‌چێ. کورده‌واری بۆ خۆی حکومه‌تی نیه. ڕه‌نگه بڵێن ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت نۆکه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندانه هه‌ر نامانه‌وێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نۆکه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بێ به‌ڵکوو خزمه‌تکاری هه‌ژار بێ ئیدی خۆ چاکه.
جا باب و براکانم!
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه ئێمه چه‌کمان هه‌ڵگرتوه، چه‌کمان هه‌ڵگرتوه که ئه‌و ده‌وڵه‌ته بڕووخێنین و له سه‌ر که‌لاوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی دی ساز بکه‌ین، که هه‌ژار سه‌ردار بێ، کرێکار و جووتیار حوکمیان به ده‌س بێ و کورده‌واریش تیدا به‌ش خوراو نه‌بێ. ئێمه زه‌وی و زار و ماڵ و ده‌وڵه‌ت له چه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئاغا ده‌ر دێنین و دیدهینهوه به ساحبی خۆی به خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش کرێکار و جووتیار. چونکوو هه‌موو حاسڵ و داهاتێک هه‌تا له بن عه‌رزدایه ،موڵکی که‌س نیه و له گه‌ڵ هاته ده‌رێ موڵکی ئه‌و که‌سه‌یه که کار ده‌کا و عاره‌ق ده‌ڕێژی بۆ هێنانه ده‌ڕێ ئه‌و داهاتانه.
ڕه‌نگه پێتان سه‌یر بێ ئێمه به چه‌کێکی رهشووکهوه و ده‌وڵه‌ت به تۆپ و ته‌یاره‌وه چۆنمان پێده‌کرێ. ئه‌مما ده‌وڵه‌ت تۆپ و ته‌یاره‌ی به داهاتی دێهات و شار و هه‌موو وڵات، ده‌با به ڕێوه. ده‌وڵه‌ت سه‌رباز و ئه‌منیه و جاش له ئێوه ده‌گرێ و شه‌ڕیان پێده‌کا. سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌وڵه‌ت ئێوه‌ن. خه‌ڵک، هه‌موو خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ڵک که ئێمه‌ش ڕۆڵه‌ی دڵسۆزیانین یه‌ک که‌وین و پێکه‌وه خه‌باتی چهکدارانهمان به ڕێوه به‌رین، ده‌وڵه‌ت به‌ورێکی پهڕووینهیه، که هه‌ر به یه‌که‌م هه‌ڵمه‌ت تێکی ده‌شکێنین.
ئێمه هه‌موو خه‌ڵک، خه‌ڵکی خه‌باتکه‌ر، ئه‌گه‌ر هه‌موو پێکه‌وه پێ له عه‌رز ده‌ین گه‌وره‌ترین بۆمه‌له‌رزه ده‌خه‌ینه وڵاته‌وه که قه‌ڵای دوژمن ده‌ڕووخێنێ.
کی ئه‌و هه‌موو حاسڵه پیدا ده‌کا؟
کی چه‌رخی هه‌موو دونیا هه‌ڵده‌سووڕێنێ؟
کرێکار وفهلاو هه‌موو خه‌ڵکی ڕه‌نجبه‌ر، ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌موو پێکه‌وه بگرمێنین هه‌وره تریشقهکهمان هه‌ر به سام دوژمن ده‌کا به زووخاڵ، هانای هه‌ناسه‌ی سینگمان گه‌ردی دوژمن به با ده‌دا.
ئێمه خه‌ڵکی خه‌باتکه‌ر که ئیمان و بڕوامان هه‌یه به هێزی خه‌ڵک و چه‌کمان هه‌ڵگرتووه هه‌تا هه‌تایه بڕوامان وایه که هێزی خه‌ڵک به‌حرێکی به‌ربه‌رینه گمه‌ی نایه و هیچ هێزێک باشاری ناکا.وه‌ک سۆفی موریدانی شێخن، ئێمه موریدی خه‌ڵکین وه‌ک شێخان موریدی خودان ئیـمه موریدی خه‌ڵکین، خه‌ڵکی خه‌باتکه‌ر، خه‌ڵکی ڕه‌نجبه‌ر.
سمکۆ و براده‌ران له ماڵێکدان!
ساحێب ماڵ: کابرا ئه‌ی به قوربانی ده‌مت بم کاکه به سه‌ری سه‌یدی زه‌مبیل قسه‌کانت وه‌ک ئایه‌تی قورئانی وا بوون، به دڵه‌وه ده‌نووسان.
ژنه‌که‌ی: ئه‌رێوه‌ڵا له ده‌وری سه‌رت گه‌رێم به خودای نوورت له نێو چاوان ده‌بارێ. ئه‌ڵای خێرم به خودای کردبێ به مراد ده‌گه‌ن.
سمکۆ ده‌ڵی: به مراد ده‌گه‌ین، مرادی ئێمه مرادی ئێوه‌یه.
ساحێب ماڵ پێوایه ژنه‌که‌ی قسه‌یه‌کی کردووه سمکۆ دڵگیر بێ. ده‌ڵی ئه‌تۆ چه‌قه‌ی مه‌که، نانی بێنه، خودا ده‌ێزانی له که‌نگێوه نانیان نه‌خواردووه.
سمکۆ ده‌ڵێ: مامه گیان ئێمه قه‌ت ڕه‌زا به ئه‌زیه‌تی ئێوه نین. نان و دۆیهکمان بده‌نێ هه‌ر به‌ری دڵمان بگرێ.
ساحێب ماڵ ده‌ڵێ: ئه‌ی قوربان له سایه‌ی سه‌ری ئێوه‌وه شوکور هه‌موو شتێک هه‌یه. مریشکم کوشتوهتهوه. حهێف نیه ئێوه نه‌یخۆن، ئه‌منیه بیخوا، ئه‌وه فرمایشته. به‌ڵێ فه‌قیرین به‌ڵام قه‌دری میوان هه‌ر ده‌گرین.
سمکۆ به پێکه‌نینه‌وه: ده‌ڵێ بۆ پێم ده‌ڵێ قوربان، ئه‌من وه‌ک حه‌سه‌نی برا بچوکت وام، هه‌ر له ته‌مه‌نی ویشدام. پێشت بڵێم ئێمه فه‌قیرمان لا به‌ڕێزتر له ئاغا و ماغایه. نانیان هێنا!
سمکۆ زانی ئه‌گه‌ر دیسان باسی خه‌رج و ئهززیهتی شێوه‌که بکرێ کابرا پێ ناخۆش ده‌بێ، له به‌ر ئه‌وه خێرا ده‌سی کرد به تاریف کردن له نان و چێشته‌که. یاڕه‌بی ده‌ستت خۆش بی خۆشکێ، به وه‌ڵا له سابڵاغیش خوانی وا جوانم نه‌دیوه.
ژنه ده‌ڵێ: ده‌ک نۆشی گیانت بێ، زوو به مراد بگه‌ن و بچنه‌وه سابڵاغی.
ژنه، دڵی پڕ بوو و ده‌نگی له‌رزی، داخوا دایکتان ئێستا چاوه‌ڕێتان بێ. ڕه‌بی ئه‌من کوێرایم دایه ! فایده‌ی نه‌بوو تیکه‌ی ههوهڵیش به دڵی سمکۆ دا هاسان نه‌چووه خوارێ. بیری دایکی که‌وته‌وه و سابڵا‌غ .چاوی هه‌ر واق ما به نانه‌که‌دا. سمکۆ ده‌ماخی نه‌بوو.
له ماڵێکی دى دوو پێشمه‌رگه له‌وی میوانن. یه‌کێکیان کوێخا شه‌ریفه‌و له کاتی نانخواردن دا چوته خه‌یاڵاته‌وه. ده‌وڵه‌ت قه‌ولی داوه‌ته به مه‌رجی یان سمکۆ بکوژی یان به جۆرێک بیان خاته نێو ته‌ڵه‌ی دوژمنه‌وه ده هه‌زار ته‌مه‌نی جایزه بده‌نێ. ئه‌ویش به هیوایه و هه‌ر له‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێ هه‌لێکی باشی ده‌سکه‌وێ و دایم له خه‌یاڵی پووڵه‌که و خه‌یانه‌تی خۆی دایه. خۆ به خۆ ده‌ڵێ ده‌هه‌زار ته‌مه‌نم ده‌ده‌نێ، تراکتۆری پێده‌کڕم، کرێکێشی پێده‌که‌م ده‌مکاته پیاو.
خه‌ڵکی ئاوایی یه‌ک یه‌ک و دوو دوو ده‌هاتنه لای سمکۆ. فهلایهکی پیر قهندهکی به ده‌مه‌وه هه‌ر سه‌رنجی سمکۆ ده‌دا و حاجیهکیش چووبوو لای ژووروی مه‌جلیس. یه‌ک دوو جههێڵیش له مه‌جلیس دا بوون چاوه‌ڕوان بوون سمکۆ چایه‌که‌ی بخواته‌وه‌و قسان بکات. ئاخری خاوه‌ن قهنهکهیش خۆی پێڕانه‌گیرا و ده‌ستی به قسه کرد. وه‌ڵا میرزا هه‌رچه‌ند بێ ئهدبیشه به‌ڵام لێم حاڵی نیه چۆن به ده‌وڵه‌تان ویراوه!
سمکۆ ده‌ڵێ: خاڵه گیان له مزگه‌وتی باسم کرد ئێمه پشتمان به ئێوه به‌ستوه‌و هیوای قایمان به ئێوه‌یه.
حاجی ده‌ڵێ: جا چاکه ئه‌وتا منیشتان کوشت خه‌یاڵه‌و ده‌یکه‌ن ئێوه چۆن وه‌سه‌ر ده‌که‌ون، خه‌ڵک تازه ده‌وڵه‌مه‌ند بوونه‌ته‌وه و دووتان ناکه‌ون. مامی قهندکیش ده‌ڵێ: وه‌ڵا قۆڕ به‌سه‌ر وماڵوێران ماوینه‌وه به‌ڵام شتێکه دهوڵهتهکهیش باشاری ناکرێ. به‌حره و لێ که‌م نابێته‌وه.
سمکۆ جواب ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر شۆڕش هه‌موو وڵات داگرێ و له هه‌ر لایه‌که‌وه دوژمن پێدابنێ، پێ به بڵێسه‌ی ئاوری خه‌باتی خه‌ڵک بسووتێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌حره هه‌ر لێ که‌م بێته‌وه و نه‌چێته‌وه جێی، ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ڵک بکه‌ونه هه‌وڵ ئیمجا ئه‌و به‌حره وه‌ک حکایه‌تی دیوه‌که که به‌حره‌که‌ی خوارده‌وه بۆ حه‌زرتی سولێمان، جا ئه‌و جار به‌حری ده‌وڵه‌ت ده‌بێته ده‌شتێکی وشک و به‌ربه‌رین به تراکتۆران بیکێڵی و بیکه‌یه به‌هاروو.
فه‌لای قهندهکێش ده‌ڵێێ نێو چاوانی کراوه به ئیشتها گوێ داوه‌ته سمکۆ جا کوا ئه‌گه‌ر رۆژێکی وا بێ هه‌موو قۆڵی لێ هه‌ڵده‌که‌ین ئه‌و سه‌گبابانه هه‌ر کوتیان ئیسڵاحات ده‌کرێ و ده‌بینه خاوه‌ن زه‌وی. ده‌ی کوا ؟ ئێمه پێمان وابوو زه‌وی به هه‌مووان ده‌درێ، نان بۆ هه‌مووان ده‌بێ. ئه‌وه‌ی کارێگه‌ر و ره‌نجبه‌ره نانی ده‌بێ، ئه‌وی ته‌وه‌زل و زگزله له به‌ین ده‌چێ. پێمان وابوو ئاغا ده‌وره‌ی نامێنی و توویان له سه‌ر عه‌رزی پاک ده‌بێته‌وه و هه‌موویان ده‌ڕژێنه نێو چۆمێ. پێمان وابوو دوکتور و ده‌رمان ده‌بێ، قه‌ند و چا و برنجمان بۆ دێنه ناو ماڵان. موخته‌سه‌ر وادهێ زۆرمان به خۆمان دابوو که‌چی هه‌موو خه‌ون و خه‌یاڵ بوو. پێراره‌که ئاغا زه‌ویه گه‌وره‌که‌ی ئه‌و به‌ری چۆمی لێ بڕیم بۆ خالسه، ئیستاش دیسان به‌شی ده‌کاته‌وه به‌شێکی دی لێ هه‌ڵده‌گرێته‌وه بۆ ئه‌وی به خێر باقیمان پێ بفروشێ، وه‌ڵا ئیدی یه‌کجاری کۆڵه‌وار ده‌بم. کورێکی جه‌هێڵه هه‌ر ده‌جووڵایه‌وه تا نۆره‌ی قسه‌ی که‌وێت به په‌له کوتی، که‌ستان ناوی له گه‌ڵتان که‌وێ !
سمکۆ زۆر به ئیشتها گوێ دابووه خاڵی قهندهکێش، رووی کرده وی و هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشاو گوتی وه‌ڵا کاکه گیان چه‌لی ڕێک‌و پێک ده‌بین به‌ینێکی دی پێ و پێڵاوت ده‌نێنه سه‌ر چاومان.
فه‌لای قه‌نده کێش ڕوانی بۆ حاجی و بۆ مه‌جلیس و به ئاشکرا ترسا.
ساحێب ماڵ گوتی دی کاکه لێره جێگاتان بۆ ڕاخه‌م یا له کوێ ده‌فه‌رمووی؟
سمکۆ کوتی عه‌رزت ده‌که‌م هه‌ر وا ڕاده‌کشێن، پێش ئه‌وه‌ش وڵات ڕووناک بێ ده‌ڕۆین . ڕوو له پێشمه‌رگه‌کان ده‌کا و ده‌ڵێ: کاک شه‌ریف قه‌ره‌وڵ بێ. شه‌ریف چاوی وریشاوه مه‌حه‌مد ڕوانی بۆ شه‌ریف و بۆ سمکۆ، شه‌ریف قهرهوڵه!!
وه‌ختی خه‌و ده‌وریان چۆڵ بوو، سمکۆ خه‌وی لێنه‌ده‌که‌وت دوو هه‌واڵه‌که‌شی
بێتاقه‌ت 
بوون. یه‌کیان وتی ئه‌رێ بۆ ئه‌و جههێڵهت ڕێنهدا له گه‌ڵمان بێ.
سمکۆ به تووڕه‌یه‌کی رهفێقانهوه تێڕوانی و گوتی: ئه‌وه تۆ ده‌ڵێ چی؟ مه‌سه‌له‌یه‌کی کوردی هه‌یه ده‌ڵێ" ڕێوی له کونه‌وه نه‌ده‌چوو ـــ گه‌سکی به کلکی خۆیه‌وه ده‌به‌ست !".
ره‌فیقه‌که‌ی ده‌ڵێ زۆر خه‌مباری شته؟
کاکه بۆیه ناڵێم بترسین، به‌ڵام ده‌بێ ئاگادار بین و لێمان تێک نه‌چێ پاش مانگێک ئه‌وه یه‌که‌م که‌س بوو ده‌یگوت دێمه نێوتان. ده‌ی چه‌ک له کوێ‌ڕا بێنین، فیشکدانی خۆمان پر نین. ده‌بێ چاک له خۆمان ورد بینه‌وه‌و که‌م و کوڕیه‌کانمان چاره سه‌ر که‌ین. هه‌ر وه‌ک له مزگه‌وتێ گوتم ده‌وڵه‌ت مه‌کینه‌یه‌کی زه‌لامه وه‌ک هه‌ژدیهای حه‌وت سه‌ر له هه‌موو وڵاتێکی، هه‌موو دێهکی بنکه و په‌لی هه‌یه و هه‌موو به جارێک خه‌ریکی ئیشن بۆ یه‌ک مهرکهزن، بۆ تاران. ئه‌و ده‌وڵه‌ته که تێێ ههڵچووین ئه‌گه‌ر حه‌وت سه‌ری بێ شه‌ش سه‌ری خه‌رێکی پاراستنی خۆی و ڕووتاندنێ خه‌ڵکه. ته‌نها سه‌رێکی خه‌ریکی بازه کارێکه وه‌ک نه‌خۆشخانه‌و مه‌دره‌سه‌ی نێوه و ناته‌واو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک کاری شه‌ش سه‌ره‌که‌ی دی له بیر به‌رنه‌وه. ئه‌و مه‌کینه‌یه زه‌لامه، ده‌وڵه‌ت به‌وره پهڕووینهیه به‌ڵێ، به‌ڵام به‌رانبه‌ر به هێزی خه‌ڵک وایه.
هێزی خه‌ڵکمان له پشته؟ خه‌ڵک پێان خۆشه پشتیوانمان بن، ئه‌مما نازانن چۆن یارمه‌تیمان بده‌ن. ده‌وڵه‌تیش چاک ده‌زانێ چۆن له گه‌ڵمان به‌شه‌ڕ بێ. شۆڕشی وڵاته‌کانی دیکه‌ی له به‌ر چاوه، وه‌ک ماسی چۆن له ئاوی ده‌بڕن ده‌یه‌وێ ئێمه‌ش له خه‌ڵک ببڕێ.
ره‌فیقه‌که‌ی ده‌ڵێ به‌م حیسابه ڕێمان بۆ هیچ کوێ نابێ.
وه‌ڵا بڵێم چی ده‌بێ زۆر قایم خه‌ریک بین. ده‌بێ مه‌کینه‌یه‌ک دروس بکه‌ین له هه‌موو شارێکی و له هه‌موو دێهکی بنکه و په‌لێ هه‌بێ. ئه‌گه‌ر ماڵی ئاغا په‌لی ده‌وڵه‌ته، کرێکار و هه‌ژاری شارێش په‌نای ئێمه بن. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌مه‌ند و ئاغا ده‌ستیان له ده‌ستی یه‌ک ناوه و پشتیان به یه‌ک به‌ستوه، کرێکار و جووتیار و ئێمه‌ش ده‌بێ ده‌ست له ده‌ستی یه‌ک نێن و به ته‌واوی پشت به یه‌ک ببستین. مه‌کینه‌یه‌کی وا ساز بکه‌ین که هه‌موو خه‌ڵک بتوانێ به هۆی ئه‌و مه‌کینه‌وه یارمه‌تیمان بده‌ن و یه‌ک بگرن. و ئێمه‌ش به ته‌واوی له گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵکی زۆڵم لێکراو ببینه یه‌ک.
ئه‌و هه‌موو خاینانه له شارن، ئه‌و هه‌موو جاشانه نۆکه‌ری حکومه‌ت له دێهاتانن چی؟ جاش په‌لێکه له مه‌کینه‌ی ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌ر ئێمه په‌لمان برده نێو جه‌رگی خه‌ڵک ئیدی هیچ هێزێک باشارمان ناکا. ئه‌و هه‌ژارانێ ههڵخڵهتانوه و بوونته جاش به‌و مه‌رجێ ئێمه په‌لمان ببێنه نێو جه‌رگی خه‌ڵک، ڕایاندهکێشین بۆ نێو خۆمان. به‌و مه‌رجی ئێمه وخه‌ڵکی هه‌ژار و زه‌حمه‌تکێش یه‌ک بگرین، ئیدی هیچ هێزێک باشارمان ناکا. پێموایه ده‌ردی گه‌وره‌مان هه‌ر ئه‌وه‌یه. ئێمه له‌و ناوچه‌دا وه‌ک زیندانی کرابین وایه، مومکینه ئه‌وێش جێ بجێ ده‌کا ڕیشه‌ی هه‌موو سهرنهکوتنێکمان ئه‌وه‌یه. جۆگه‌مان نیه هێزی خه‌ڵک ئاژین که‌ینه سه‌ر مه‌زرای خه‌بات. خه‌باتیش ئه‌گه‌ر هێزی خه‌ڵکی لی بڕا، وه‌ک مه‌زرای بی ئاو دادهمرێ و سیس ده‌بێ. لێره‌شه‌وه هیچمان پێ ناکرێ، گه‌ماڕۆ دراوین، له خه‌ڵک جێ بووینه‌ته‌وه، ئه‌وێش نابی جهمعهێ جارێ ده‌توانین خه‌ڵک ببینین. ئێمه که‌مین و بێ سامانین، ته‌نانه‌ت خوێنده‌وارانیش لێمان ناپرسن! قسه‌ی وانم بۆ مه‌که پرته‌قاڵ ده‌خۆن و باسی کوردایه‌تی ده‌که‌ن، ئه‌وانه خائێنن. هه‌موو خوێنده‌وارێ ناڵێم. ئه‌من بۆ خۆم نه کرێکارم نه فه‌لا، بازه خوێنده‌وارێ دڵسۆزن، به‌ڵام رێگای خۆیان لێ ون بووه. ده‌وڵه‌تیش وه‌ک هه‌ژدیهایه‌ک وایه له ته‌ختێ شێرێک نووستبێ. هه‌ر خوێنده‌وارێ ڕێگای لێ ون بێ و بخزی ده‌که‌وێته گه‌رویه‌وه به ڕێ خه‌یانه‌تدا ده‌چێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش مه‌کینه‌مان ببێ ده‌توانین زۆریان به لای خۆماندا بکێشین.
ره‌فیقه‌که‌ی ده‌ڵێ: ده‌ی ئێستا ده‌ڵێ چی؟
وه‌ڵا بڵێم چی خۆ ده‌س به جێ ناتوانین هه‌موو شتێک ساز که‌ین. ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵک سازی که‌ن. با تاقمه پێشڕه‌وه‌کان وه پێش که‌ون ورده ورده خه‌بات تیژ تر بێته‌وه و مه‌کینه ده‌روس بێ. مه‌کینه‌یه‌ک که چینی کرێکار بیبات به ڕێوه و له سه‌ر قازانجی هه‌موو خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش تێ‌بکۆشێ.
ره‌فیقه‌که‌ی ده‌ڵێ: ئه‌وه ئه‌و شه‌و نابێ. ئه‌من ده‌ڵێم ئێستا چ بکه‌ین؟
ته‌قه به‌رزه‌وه ده‌بێ وڵات ده‌شڵه‌ژێ. شه‌ریف یه‌کێکی بریندار کردوه‌و ده‌رچووه. پێشمه‌رگه‌کان شپرزه له دێ ده‌ڕون.
مه‌حمه‌د ده‌ڵێ: به خودا من ده‌مزانی وای لێدێ.
ره‌فیقه‌کانی ده‌ڵێ: ئه‌ی بۆ نه‌تگوت بێ شه‌ره‌ف.
سمکۆ ده‌ڵێ: بۆ چی شه‌ڕ ده‌که‌ن خێرابن با بڕوین. دارێنه له‌وێیه. ڕێگایه‌کی سه‌خت و خۆشه، و بۆ شه‌ڕ ده‌بێ.
قه‌ومابوو ! چاکیان ده‌س پێ نه‌کردبوو. ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌یش هاسان نه‌بوو. به بێ مه‌کینه‌و ڕێک‌و پێک کردنی خه‌ڵک هیچیان پێنده‌کرا. ئه‌و کارانه‌ش له چیاوه نه‌ده‌کرا. بۆ کاری وا ده‌بووایه له پێشدا چووبانه نێو جه‌رگی خه‌ڵک و تا به‌ینێکی خهڵکێان سازمان دابا. به‌ڵام ئه‌وان له هه‌موو لایه‌ک دیار بوون و به دوژمن گه‌مارۆ درابوون. له پێشدا پێان وا بوو ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک خوێنده‌وار ودڵسۆز وه‌ک کۆمه‌ڵێک فریشته بچنه نێو خه‌ڵک، وه‌ک پێغه‌مبه‌رانی قه‌دیم بڵێن وا چاکه و وا خراپه، شۆڕش ده‌کرێ.
خۆیان هێنده شۆڕ‌شیان پێ باش بوو وایان ده‌زانی خه‌ڵک هه‌ر ئهوندهێ نێوی شۆڕ‌شیان بیست وه دوویان ده‌که‌ون. به‌ڵام هیهات! کۆمه‌ڵی ئینسانی هێنده ساکار نیه‌و شۆڕش هێنده سه‌هل و سووک نیه. وه‌ک سمکۆ ده‌ڵێ هه‌موو کێشه‌ی کۆمه‌ڵ کێشه‌ێ هه‌ژار و زۆرداره. به‌ڵام زۆرداران تا ئێستا توانیویانه جگه له‌و جه‌ماعه‌ته که هه‌ژاری بۆ ده‌دۆشن، ته‌نانه‌ت هه‌ژاره‌کانیش به دووی خۆیدا ببا، و ئه‌و کێشه‌یان له بیر به‌رێته‌وه.
هه‌تا هه‌ژار و ته‌نانه‌ت به‌رده‌سی زۆردارانیش له گه‌ڵ زۆرداران بن،هه‌تا هه‌ژاران به ته‌واوی تێنه‌گه‌ن، که بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافی خۆیان و له بین بردنی زۆرداران ده‌بێ یه‌ک بگرن وخه‌بات بکه‌ن و، ته‌نانه‌ت هه‌تا خه‌ڵک بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دوو دڵ بن، دوژمن به ته‌نێ نابێ و پشتی قایم ده‌بێ. دوژمن به ته‌نێ نابێ و پشتی هه‌ر قایم ده‌بێ. ته‌نها وه‌ختێ که خه‌باتی خه‌ڵک و چینه پێشڕه‌وه‌کان زۆردارانی به ته‌نیا خسته‌وه، رۆژی به سامی هه‌موو گه‌لان دژی شه‌به‌که‌ی زۆردار هاته کوڵ، ئه‌و ده‌مه ئه‌ویش وه‌ک بڵقی سه‌ر ئاو ده‌دڕی و له نێو ده‌چێ.
هێشتا ئه‌و کاته شۆڕشگێڕان ده‌بێ وریا بن. ئه‌و مه‌یته پیسه وه‌ک کرمێ نه‌که‌وێته له‌شی .....هه‌مووی ئه‌وانێش به‌و مه‌رجه ده‌کرێ وساز ده‌بێ که تاقمه پێشڕه‌وه‌کانی له پێشدا بتوانن به ساز کردنی مه‌کینه‌یه‌ک، تا کرێکار و جووتیار و چینه زه‌حمه‌تکێشه‌کانی هه‌موو وڵات یه‌ک بگرنه‌وه ،و دوژمن له هه‌موو وڵاته‌وه گه‌مارۆ بده‌ن، ته‌فر و توونای که‌ن.
ئه‌و ڕۆڵه نه‌به‌زانه بوونه ته‌جربه، تجربهیهکی تاڵ، ئه‌و پیاوه پێشڕه‌وانه داخوا ده‌بنه په‌رده‌ی دوای. به چاو ترووکاندنێک مهحمهدیش هه‌ڵدێ، نه‌کا له باتی شه‌ریف که خزمی بوو بیکوژن.
یه‌ک بانگ ده‌کا مه‌حمه‌د مه‌حمه‌د! به خودا ئه‌ویش بۆی ده‌رچوو.
یه‌ک ده‌ڵێ بانگی که، برا بانگی که! نا جواب ناداته‌وه.
ئه‌ویش ڕاپورتمان لێ ده‌دا.
سمکۆ ده‌ڵێ: ده‌گه‌ینه چۆمی دارێنه هه‌ر له‌وێ ده‌بین تا سبه‌ێ .شه‌و نامان بینه‌وه.
رفیقه‌که‌ی ده‌ڵێ به سه‌ری تۆ جاش و ئه‌منیه ی زۆر هاتوونه ئه‌و ناوچه‌یه.
سمکۆ ده‌ڵێ: قه‌ت هێنده له شه‌ڕ نهترسابووی، چ بووه جه‌رگت بێ!
ره‌فیقه‌که‌ی ده‌ڵێ: ناترسم به‌ڵام ته‌واو که‌مین، ئه‌و مهیتهیشمان پێه شه‌ڕمان چۆن پێده‌کرێ ؟ !
سمکۆ ده‌ڵێ: ئاخ شه‌ریف ناپیاوی سه‌گ باب! هێنده بیره بیره مه‌که ئه‌وتا گه‌یشتین.
دارێنه چۆمێکهو شیویکه پڕ به‌رده
که‌لێن و قوژبنه بێده‌نگه ک‌ش و ماته
له سه‌ر ئاسۆکهوه داران به به‌ژنی لار و لوێر و به کزی
ڕوویان کردووه‌ته ئاسمانی ساف و ڕۆشن و شینی به‌هاری
به گه‌ڵای تازه و جوانی مانگی گۆڵانه‌وه ده‌ستیان به‌ره‌و ئاسمانی شینه!
ده‌ڵێ نیازێکیان هه‌یه ئاواتێکیان له ده‌ڵی خه‌مینه به په‌رۆش و به ده‌م شینه‌وه ده‌نگیان لێ دێ. ده‌ڵێ ده‌نگی دۆعای چاک و پیرێکی وهدم زێڕینه.
گاشه به‌ردان بێده‌نگ و کڕن، گه‌وهه‌ریان ده‌شاریه‌وه. دڵیان به برینه
چۆمه بێده‌نگه له به‌ر گوێ نامه‌حره‌می پڕ له قینه،
له بن چوار به‌رده‌وه چوار تفه‌نگ ملیان ده‌رکێشاوه. چاوی ڕه‌شیان به ئاسۆیه‌کی سه‌رنج داوه، تا بشکێنن باڵێ هه‌ر پهلهورێکی، خه‌یاڵی خاوه.
جاشێک ده‌ر ده‌که‌وی ته‌قه له تفه‌نگه‌وه دێ جاش ده‌گه‌وزێ و ده‌که‌وی
خه‌نجه‌ری مسکی بێقهراره ئه‌گه‌ر له کالانا بخه‌وێ !
تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌ش جاش ببینێ هیهات له سه‌نگه‌را کڕ بکه‌وێ!
ئه‌وه هه‌و ڕه‌وه‌یه‌کی ئه‌منیه و ره‌وه‌یه‌کی جاشه ڕوویان کرده ئه‌و شوێنه.
ته‌قه دامه‌زرا و ئه‌مان تۆپ و ده‌بابه‌یان پێنیه ئه‌وا ههوڕهوهو ئه‌منیه و ڕه‌وکه جاشه ،که دێنه، له سه‌د و دوو سه‌د و سێ سه‌د سه‌ر که‌وتن، تۆپ و ده‌بابه و بازوکا هاتن ڕیز بوون، ملیان گێڕا ئاوا له نێو به‌ردان.
له په‌سا گولله‌ی تۆپ و تانک داباری بۆ دڵی دارێنه و خه‌م بۆ دڵی فه‌قیر و هه‌ژارێ.
دارێنه ئاورینه !
داره‌کان به شنه‌ی بایه‌کی به سام هاتوونه سه‌مایه‌کی تووند و دوژمن تارێن
چه‌کی نێو به‌ردان به هه‌موو فیشه‌کێک دهتلهنێ لاشه‌ی نامه‌ردان .
ده‌یان
گهوزێنێ له ناو ته‌لان و به‌ردان، خوێنیان ده‌ڕژێنی و ده‌یان گهلێنێته ناو
به‌ردان.
هه‌ر تۆپ و ده‌بابه‌یه به تاوه، له باتی سه‌د تۆپی ئه‌وان، تاقه فێشهکێک له‌و لاوه به‌ڵام ههیداد، فیشکدان فیشه‌کی تێدا نه‌ماوه.
جوانمێرهکهی من جه‌خاری به جه‌رگم فیشه‌کی لێ بڕاوه.
هۆ هۆ خانه هۆ خانه‌ی ئه‌وی سه‌ر جاشه مه‌ردی! ئازای! فه‌رموو باشه
دهبڕو خه‌به‌رێک بێنه له نێو به‌رد و ته‌لان به تۆپ له‌ت له‌ت کراوی دارێنه.
خانه دێت دهڕوواته سه‌ر سه‌نگه‌ران، که‌چی کڵافه‌ی گوێ قوته هه‌ر به چه‌شنی جاشهکهران. دڵی قایمه بۆ نۆکه‌ری زۆردار و داگیرکه‌ران.
چاوه، چه‌ک نه‌ماوه براده‌ر له پاڵ براده‌ر کوژراوه، سه‌ری له سه‌ر به‌ردی سه‌نگه‌رێ. چاوی له ئه‌ستێره‌یه، هه‌ر وه‌ک چاوی دڵدارێک له دڵبه‌رێ، بیری له مه‌رگی هه‌ره جوانه، مه‌رگی خه‌باتکه‌ری.
مه‌رگ ئه‌گه‌ر هات دڵه به خێری بێنه
مه‌رگی خۆشتر له سه‌نگه‌ره، نه‌ک له نێو نوێنه !
به‌و مه‌رجێ هه‌بی ده‌ستی دۆستێ هه‌ڵگه‌ری چه‌کی داکهوتوم له سه‌نگه‌رێ دارێنه.
خانه هه‌ڵده‌کێشێته دهمانچی ده‌سته زێڕینێ ده‌ڵێ ئه‌وه‌یه دوژمنی زۆردار و خوێنمژینێ.
پێ ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر شاد‌و ئیمان دێنێ بێنه دهتگهێنمه به‌هه‌شتی بهرینێ.
دێته زمان چاو ده‌می سمکۆ که ده‌ڵێ: شاد‌و
ئیمانم ئه‌وه‌یه، باوڕم به هێزی خه‌ڵکه، که به‌حرێکی به‌ربه‌رینه، باوڕم به هیوای خه‌ڵکه، که هیوایه‌کی زۆر شیرینه، هه‌تا هه‌تایه خۆشه‌ویستی خه‌ڵکی دهردمهندم ئه‌وینه.
ناڵه له ده‌مانچه‌ی ده‌سته زێڕینێ، رووبارێکی خوێن ده‌ڕژێنی له برینی سمکۆ له نێو به‌ردی دارێنهوه ههڵدهفرێته نێو کۆشی خه‌ڵکی دڵخهمینێ، بۆ نێو دڵی خه‌ڵکی چاو به ئهسرینێ. چه‌کی ده‌داته ده‌س خه‌ڵکی و ئه‌سرینیان ئه‌سڕی به ده‌سماڵی تووڕه‌ی و قینێ. هه‌موو ناڵه‌یان ده‌گاته خرۆشینێ، ده‌چێته مێژوو، ده‌چێته ئه‌به‌دیه‌تی بهربهرینێ.
ئه‌وتا ئه‌وه مه‌یته یا شووڕه سواره، که ده‌ڕوا له‌و به‌ری ڕووباره.
هیوام خه‌ڵکه که هیوایه‌کی زۆر شیرینه، هه‌تا هه‌تایه خۆشه‌ویستی خه‌ڵکی دهردمهندم ئه‌وینه.
*****
ئه‌وه لاپه‌ره‌یه‌ک بوو له ژیانی پر له شانازی شه‌هیدی نه‌مر کاک سماعیلی شه‌ریفزاده که له نێو پێشمه‌رگه‌دا، به" مه‌لا عه‌زیز" ده‌ناسرا. له ڕۆژی دوازده‌ی گوڵانی ساڵی 1347 ی هه‌تاوی له سه‌ر چوومی که‌ڵوێ له نێوان جاده‌ی بانه ـ سه‌رده‌شت له دارێنه له شه‌ڕێکی قاره‌مانانه‌دا له گه‌ڵ دوو هاورێ دیکه به‌ده‌ستی جاش و ئه‌منیه‌ی حکومه‌تی به‌کرێگیراوی ئێران شه‌هید بوون.ته‌رمی ئازیزی له لایه‌ن هێزه‌کانی حکومه‌تی پاشایه‌تیه‌وه ، بۆ گۆڕستانی تایله‌ی شاری سنه گوازرایه‌وه و دوژمن له وی ئه‌سپه‌رده‌ی کردووه.
ئه‌گه‌ر ماسمێدیای کوردی و یا هه‌ر ئوڕگان و که‌سێک له‌م په‌خشانه که‌ڵک وه‌ر ده‌گرێ، تکایه ئاماژه به سه‌رچاوه‌که‌ی بکات .
2010 ی میلادی