پیرۆز بێت ٢٦ی رێبه‌ندان
(یادێک له چل سال خه‌بات و تێکۆشان)
٢٦ی رێبه‌ندان روژی کۆمه‌ڵه‌یه، رۆژێکی دیار و له‌بیرنه‌کراوه له مێژووی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ت و سته‌ملێکراوی کوردستان. وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی یادی ئازیز و خۆشه‌ویستی کاک حه‌مه‌حسێنی که‌ریمی و رۆژی گیانبه‌ختکردنی ئه‌و هاورێ شۆڕشگێڕ و ماندوویی نه‌ناسه‌یه، له‌هه‌مانحاڵدا رۆژی راگه‌یاندنی هه‌ڵسووڕانی به ئاشکرای کۆمه‌ڵه‌شه. ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ی که بناخه‌کانی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ٩ ساڵ پێشتر، که له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک تێکۆشه‌ری رێگای رزگاری خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و کرێکار له بێ‌مافی و چه‌وساندنه‌وه، سڕینه‌وه‌ی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و بنیات‌نانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و ئینسانی و به‌رابه‌ر، دامه‌زرا.
پاش روخانی رژیمی سه‌ره‌رۆی پاشایه‌تی ده‌رفه‌تی به‌خۆداهاتن و که‌وتنه‌مه‌یدانی به‌کرده‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی و چڕ‌وپڕ، بۆ به‌ره‌وپێش‌بردن و چه‌سپاندنی ئامانجه بناخه‌ییه‌کانی ڕاپه‌رینی پڕشکۆی سه‌رانسه‌ریی له ئێران هاته پێشه‌وه. کۆمه‌ڵه‌ش وه‌ک هێزێکی خه‌باتکار و هه‌ڵقوڵاو له جه‌رگه‌ی کوردستان هه‌ڵسووڕانی به ئاشکرای خۆی ده‌ست‌پێکرد. رایگه‌یاند لێره به‌دوا و له به‌رده‌وامی خه‌باتی شۆڕشگێرانه‌ی خۆی‌دا و له پێناو گه‌یشتن به ئازادی و عه‌داڵه‌ت و بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌خته‌وه‌ر، به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا درێژه به هه‌ڵسوورانی لێبڕاوانه‌ی خۆی ده‌دا و هه‌موو توانا، زه‌رفییه‌ت و ئه‌زموونه‌کانی خۆی بۆ سه‌رخستنی شۆرشی جه‌ماوه‌ری و هێنانه‌دی ئامانجه‌کانی خه‌ڵکی راپه‌ڕیو ده‌خاته‌گه‌ڕ.
به‌مجۆره کۆمه‌ڵه وه‌ک رێکخراوێکی نوێ، به دید و بۆچوونێکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، هاته مه‌یدانی هه‌ڵسووڕانی به کرده‌وه‌ی سیاسی و رێکخراوه‌یی له ئاستی جه‌ماوه‌ریدا و درگای ته‌جروبه و دنیایه‌کی نوێ و به‌رینی تێکۆشان به روویدا کرایه‌وه. هه‌ر له‌م رێڕه‌وه‌شدا توانی به پانتایی کۆمه‌ڵگای کوردستان نه‌خشی کاریگه‌ر و حاشالێنه‌کراوی خۆی له ره‌وتی رووداوه‌کان، له مه‌یدانی به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی کۆنه‌په‌ره‌ستی و له به‌رپاکردنی و سازماندانی موقاومه‌تی هه‌مه لایه‌نه، دژ به رژیمی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی دابنێ.
ئێستا ٣١ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رۆژانه‌دا تێده‌په‌ڕێ. کۆمه‌ڵه له‌م ماوه‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای هه‌موو دژوارییه‌کان و که‌موکوڕییه‌کان تابلۆیه‌کی پڕ له خه‌باتکاری، تێکۆشانێکی پڕ له فیداکاری و ئه‌مه‌گداری له خۆی به‌جێ‌هێشتووه. له‌م ماوه‌یه‌دا و له به‌رده‌وامی شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی دژ به رژیمی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی‌دا هه‌زاران که‌س له کادر و پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه و ژماره‌یه‌ک له هه‌ره خۆشه‌ویسترین رێبه‌رانی کۆمه‌ڵه گیانیان به‌ختکردووه. ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر تووشی بریندار بوون، هه‌روه‌ها کوشتن، گرتن، ئازار و زه‌بروزه‌نگی ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی رژیمی ئیسلامی هاتوون.
حکومه‌تی ئیسلامی به درێژایی هه‌موو ئه‌م ساڵانه، سه‌ره‌ڕای خستنه‌گه‌ڕی هه‌موو توانای فاشیستی و دژی ئینسانی و فریوکارانه‌ی خۆی نه‌یتوانیوه چرای ئۆمێد به رزگاری و دیتنی دنیایه‌کی ئازاد و ئینسانی له ناو خه‌ڵکی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕی ئێران و کوردستاندا بکوژێنێته‌وه و هیواکانیان به‌چۆکدا بێنێ. هێشتا موقاومه‌ت و به‌رگری له مافه ئینسانی و ئازادییه‌کان به‌رده‌وامه. هێشتا رژیم نه‌ک نه‌یتوانیوه سێبه‌ری داروخان و مه‌رگ له‌سه‌ر سه‌ری خۆی بڕه‌وێنێته‌وه، به‌ڵکو زیاتر له هه‌ر جارێک و فراوانتر و به‌رینتر له هه‌موو کاتێک تووشی ناره‌زایه‌تی و ده‌نگهه‌ڵبڕینی خه‌ڵکی مه‌ینه‌ت‌دیتووی ئێران و کوردستان بۆته‌وه و پتر له هه‌موو کاتێکش تووشی دابڕان و لێکترازانی ناوخۆیی ـ له سه‌ره‌وه هه‌تا خواره‌وه ـ هاتووه.
ئێستا هه‌موو نیشانه‌کان خه‌به‌ر له هه‌لومه‌رجێکی تازه ده‌ده‌ن، ئه‌م هه‌لومه‌رجه تازه‌یه ئه‌رک و ویستی تازه و هه‌ڵسووکه‌وتی وریایانه له هه‌موو لایه‌ک ده‌خوازێ. ئه‌مرۆ کۆمه‌ڵگای ئێران به گشتی و کوردستان به تایبه‌تی زیاتر له هه‌موو کاتێک پێویستی به هاوده‌نگی و یه‌کگرتوویی زێده‌تر دژ به رژیمی کۆنه‌پارێزی ئیسلامی هه‌یه. زیاتر له هه‌موو کاتێک پێویستی به هه‌نگاوی به‌کرده‌وه و شێوه‌کاری نوێ، بۆ فراوانکردنه‌وه و قووڵکردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری دژ به رژیم له لایه‌ک و مه‌ترسی کردن له که‌وتنه داوی هیواخواستن به ئیسڵاحخوازی ده‌وڵه‌تییه‌وه له لایه‌کی‌تر،هه‌یه.
ئه‌مانه به ئه‌رکی گشتی و خواستی به‌په‌له‌ی ئه‌م قۆناغه ده‌زانین، هه‌ر له روانگه‌ی ئه‌م پێویستییانه‌وه‌یه که جێی خۆیه‌تی له‌م رۆژانه‌دا و له یادی تێپه‌ڕبوونی چل ساڵ به‌سه‌ر خه‌بات و تێکۆشانی کۆمه‌ڵه‌دا ئاورێکیش له‌و پێویستییه هه‌نووکه‌ییانه بدینه‌وه که ئێستا به‌ره‌ورووی ره‌وتی گشتی کۆمه‌ڵه ده‌بێته‌وه.
شاراوه نیه که ئه‌م چه‌ند به‌ره‌کی و دابرانانه‌ی که که‌وتۆته ناو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه زه‌ره‌ر ده‌وه‌شێنن و نیگه‌رانی هێنه‌رن. کۆسپیان له‌سه‌ر رێگای ئه‌و ده‌ورونه‌خشه کاریگه‌ر و شۆڕشگێڕانه‌یه داناوه که ده‌بوو کۆمه‌ڵه له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا بیگێڕایه. ئه‌مڕۆ بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و کۆسپانه ده‌بێ رێگای زاڵبوون به‌سه‌ر ناکۆکی و دابڕانه‌کان ببیندرێته‌وه، ده‌بێ له‌م پێناوه‌دا به‌ره‌و دوورکه‌وتنه‌وه له کێشه‌ی لابه‌لا و نزیک بوونه‌وه له کار و هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش و یه‌کخستنه‌وه‌ی هێز و توانا و زه‌رفییه‌ته گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵه هه‌نگاو هه‌ڵبگیردرێ. ئێمه دڵنیاین ئه‌گه‌ر کاری پڕاوپڕی پوختی خۆنه‌ویستانه‌ی بۆ بکرێ، ئاسۆی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی هاوبه‌ش رووناکه. هێنده ئامانجی هاوبه‌ش له گۆرێ‌دا هه‌یه که بتوانین به یه‌ک هێزوگوڕه‌وه، پێکڕا و به ئاراسته‌یه‌کدا به‌ره‌ورووی دژوارییه‌کان ببینه‌وه و هێزی جه‌ماوه‌ری زیاتر پته‌و بکه‌ین بۆ پاڵ‌پێوه‌نان به ده‌سه‌ڵاتی بنکۆڵکراوی کۆماری ئیسلامی.
ئه‌مه ویستێکی جه‌ماوه‌ری و پێویستییه‌کی مێژووئییه. ئه‌م پێویستییه ئیراده‌یه‌کی واقعبینانه‌ی گشتی و بڕوابه‌خۆیی و وردبینی ته‌واوی گه‌ره‌که. ئه‌مه شتێک نیه که ئاسانخوازانه به تیکهه‌ڵکێش‌کردنی به‌ده‌سکرد و رواڵه‌تیی قه‌واره رێکخراوه‌ییه‌کان لێک‌بدرێته‌وه. مه‌به‌ستی ئێمه‌ش ئه‌وه نیه. ئێمه پێمانوایه ده‌کرێ شه‌فاف و رۆشن جیاوازییه‌کان بخرێته به‌ر باس و به پاراستنی جیاوازییه‌کانیشه‌وه یه‌کگرتووانه له خه‌باتی دژی دیکتاتۆری و سه‌ره‌رۆییدا کاری هاوبه‌ش ببه‌ینه پێشه‌وه. له ئه‌زموونه‌کان ده‌رس وه‌ربگرین و به هه‌نگاوی قایمه‌وه به‌ره‌و داهاتوویه‌کی رۆشن برۆین. هه‌ر هه‌نگاوێک له‌م پێناوه‌دا خزمه‌تکردنه به زیندوو را‌گرتن و هێنانه‌دی هه‌موو ئه‌و ئاوات و ئامانجانه‌ی که هه‌زاران که‌س له هاوسه‌نگه‌ره‌کانمان گیانیان بۆ به‌ختکردووه، یان له‌م پێناوه‌دا تووشی ئازار و کوێره‌وه‌ری هاتوون. ئه‌مه خزمه‌تکردنه به یه‌کریزی و ته‌بایی و سازکردنی که‌ش وهه‌وای سالمی سیاسی له ناو کۆمه‌ڵگادا. ئێمه سه‌ره‌رای ده‌رککردن به دژوارییه‌کان و کۆسپه‌کانی سه‌ر ئه‌م رێگایه، هه‌موو توانای خۆمان بۆ سه‌رخستن و هێنانه‌دیی ئه‌و مه‌به‌سته ده‌خه‌ینه گه‌ڕ.
به‌رزوبه‌رێز بێت یادی ئازیز و خۆشه‌ویستی هاورێ حه‌مه‌حسێنی که‌ریمی و سه‌رجه‌می گیانبه‌ختکردوانی کۆمه‌ڵه و هه‌موو رێبوارانی رێگای ئازادی و عه‌داڵه‌ت.
بژی ئازادی و سوسیالیسم
ره‌وتی سوسیالیستی کۆمه‌ڵه (فراکسیون)
٢٦ی رێبه‌ندانی ساڵی ١٣٨٨
بیر‌و ڕای خۆت به‌م ئادره‌سه بنێره تاکۆ هه‌ر لێره‌دا چاپی که‌ین